تووشبووانی کۆرۆنا لە ھیندستان بە دەست کەمی ئۆکسجینەوە دەناڵێنن

2021-05-16   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بەھۆی گرانیی نرخی ئۆکسجین لە نیودلھی پایتەختی ھندستان، ھەندێک لە ڕێکخراوە مرۆییەکان ئۆکسجین بێ بەرامبەر بۆ تووشبووانی کۆرۆنا دابین دەکەن.

بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کەمی ئۆکسجین بۆ تووشبووانی کۆرۆنا لە ھندستان، لێپرسراوانی نیودلھی چەند بانکێکی ئۆکسجینیان لە سەرجەم ناوچەکان داناوە، تا بە زووترین کات بگاتە ئەو کەسانەی لە ماڵەکانی خۆیاندا چارەسەر وەردەگرن، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی نرخی ئۆکسجین زۆر گرانە و ھەژاران ناتوانن بیکڕن، ھەر بۆیە ھەندێک لە ڕێکخراوە مرۆییەکان ھەڵمەتەکانیان بۆ ھاوکاریکردنی تووشبووانی کۆرۆنا لە دابینکردنی ئۆکسجین دەستپێکردووە و بێ بەرامبەر ئۆکسجینیان بۆ دابین دەکەن.


ئێستا نزیکەی مانگێکە ڕۆژانە ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە ھندستان ٣٠٠ ھەزار تێدەپەرێنێت، تا ئێستاش نیودلھی پایتەخت یەکێکە لە زەرەرمەندترین ناوچەکانی ھندستان زۆرترین تووشبووی کۆرۆنای تێدایە کە سەرجەمیان لە نەخۆشخانەکان جێگەیان نابێتەوە و بە ناچاری لە ماڵەوە ئۆکسجین و چارەسەر وەردەگرن.


کۆی گشتی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە ھندستان لە ٢٥ ملیۆن نزیک دەبێتەوە و تا ئێستاش زیاتر لە ٢٦٦ ھەزار تووشبوو لەو وڵاتە گیانیان لە دەستداوە.