فەیسبوک ناوی کۆمپانیاکەی بۆ مێتا دەگۆڕێت

2021-10-28   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای فەیسبوک ڕایگەیاند، لە ژێر ڕۆشنای کار و خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیای ناوبراو، ناوی کۆمپانیاکە دەگۆڕن بۆ "مێتا".

"مارک زوکەربێرگ" بەڕێوەبەری جێبەجێکار و خاوەنی کۆمپانیای فەیسبوک لە ئیڤێنتی ئەمڕۆی کۆمپانیاکە بە ناوی "کۆنێکت" ڕایگەیاند، کە ئەوان کۆمپانیایەکن داھێنان لە تەکنەلۆژیادا دەکەن بۆ پەیوەندیەکی پتەوتر و پێکەوەبەستنەوەی زیاتری ھاوڵاتیان لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، و پێکەوە دەتوانن ھاوڵاتیان بخەنە ناوەندی خزمەتگوزارییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ئابووریەکی بەھێزتریش بنیاد بنێن. 


ئاشکراشی کرد، لە ژێر ڕۆشنای کار و خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیای ناوبراو بۆ بەشداربووان، لەو بڕوایەدان کە وشەی "فەیسبوک" ئاماژە بە چالاکیە ھەمەجۆرەکانی کۆمپانیاکە ناکات ھەر بۆیە ناوی کۆمپانیاکە دەگۆڕن بۆ "مێتا" تا مافی تەواو بە خزمەتگوزارییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە بدرێت.



جێی ئاماژەیە، "مێتا" کورتکراوەی وشەی "مێتاڤێرسە" کە ئاماژەیە بۆ بەشداریپێکردنی ھاوڵاتیان لە جیھانی ژمارەیی و تەکنەلۆژیی لە ڕێگەی ئاماژە ئەلیکترۆنییەکان و تۆڕی ئینتەرنێتەوە.