تورکیا ئۆتۆمبیلێکی ھەسەدەی لە کۆبانێ بۆردومان کرد

2021-10-23   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
تورکیا بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ئۆتۆمبیلێکی لە کۆبانێ بۆردومان کرد، بەپێی زانیارییەکان ئۆتۆمبێلەکە ھێزەکانی ھەسەدەی تێدابووە و بەھۆیەوە سێ کەس کوژراون و چواری تریش بریندارن.

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، لە ماوەی ٧٢ سەعاتی رابردوودا بۆ دووەم جارە تورکیا ھێزەکانی سوریای دیموکرات لە رۆژئاڤای کوردستان دەکاتە ئامانج و رۆژی چوار شەممەی رابردووش تورکیا ئۆتۆمبیلێکی تری لەناو کۆبانێ بۆردومان کرد بەھۆیەوە پێنج کەس کوژران.


بەپێی زانیارییەکان، تورکیا بەنیازە دوای ھەڵکردنی گڵۆپی سەوز لەلایەن رووسیاوە ئۆپراسیۆنێکی سەربازی دژی ھێزە کوردییەکان لە باکوور و خۆرھەڵاتی سوریا ئەنجام بدات، بۆ ئەو مەبەستەش لە رۆژی ١٤ی ئەم مانگەوە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ھەسەدە گرژی و ئاڵۆزی تێدا دروستکراوە، ھاوکات تورکیا دەیەوێت لەڕێگەی ئەم بۆردومانانەوە ھەسەدە بۆ گۆڕەپانی جەنگی رابکێشێت و دەست بە ئۆپراسیۆنەکەی بکات.