ھۆشداری دەدرێت لە بڵاوبوونەوەی پەتای لایم لە ئەمریکا

2021-10-23   |  
پەتای لایم کۆرۆنا ئەمریکا
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئەمریکا ھۆشداری دەدات لە بڵاوبوونەوەی پەتای (لایم) کە ھاوشێوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە، بەڵام لەرێگەی ئاژەڵ و گیاندارەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە.


میدیای ئەمریکا بڵاویکردوەتەوە، پەتای لایم پەتایەکی بەکتیریاییە و لە رێگەی مێرووەوە لە گیاندارەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، ھەرچەندە لایم لە مرۆڤێکەوە ناگوازرێتەوە بۆ مرۆڤێکی تر، بەڵام ئەگەرەکانی تووشبون بەو پەتایە زۆرن، چونکە گوێزەرەوەی ئەو نەخۆشییە لە ھەموو شوێنێک دەژی و ساڵانە لە ئەمریکا نزیکەی نیو ملیۆن کەس تووشی ئەو نەخۆشییە دەبن.


ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەو نەخۆشییە چەند نیشانەیەکی ھەیە وەک تا و ھەوکردنی قوڕگ و ئازاری ماسولکە و ئێسک و خەوزڕان، بەڵام مەرج نییە راستەوخۆ دوای تووشبون ئەو نیشانانە دەربکەون، ھەندێک جار نیشانەکان دوای مانگێگ لە تووشبون بە نەخۆشییەکە دەردەکەون، ھەندێک لە نیشانەکانیشی ھاوشێوەی نیشانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنایە بە تایبەتی ھیلاکی و لەدەستدانی ھەستکردن.