ساڵی داھاتوو لە عێراق دەست بەدەرکردنی بە پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی دەکرێت

2021-10-16   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بە پێی ڕاگەیەنراوێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە سەرەتای ساڵی داھاتوودا بەڕێوەبەرایەتی کاروباری پاسپۆرت بە ھاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی پەیوەندییەکان، دەست بەدەرکردنی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی دەکات، لە ئێستاشدا ھەموو کاروبارە لۆجستییەکانی تایبەت بە پڕۆژەکە دابینکراوە و گرێبەستێکیش لەگەڵ وەزارەتی پەیوەندییەکان کراوە.

لە بارەی گرنگی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنیش ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، ناوەڕۆکێکی ئەلیکترۆنی دەبێت بۆ کۆکردنەوەی ھەموو زانیارییەکانی خاوەنی پاسپۆرت، لە فڕۆکەخانەکانیش دەرگای ئەمنی دەکرێتەوە لەو کاتەی زانیارییەکانی ناو پاسپۆرتەکە ھاوتا دەبێت و پەیوەستیش دەبێت بە کۆمپیوتەری ناوەندی و ناکرێت ھیچ دەستکارییەکی تێدا بکرێت و ھاک بکرێت.


جەختیشکراوەتەوە، پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی دەبێتە ھۆی دەوڵەمەندکردنی کارتی یەکگرتووی نیشتمانی، کە ھەموو زانیارییەکانی تێدایە، لە کاتی نوێکردنەوەی پاسپۆرتیشدا پێویست ناکات ھاووڵاتی ھەموو بەڵگەنامەکان پێشکەش بکات، چونکە پێشتر ھەمووی تێدا تۆمار کراوە.