بەھای لیرەی تورکی بۆ کەمترین ئاست دابەزی

2021-10-16   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
سەرەڕای ھەوڵەکانی حکومەت بەھای لیرەی تورکی بۆ کەمترین ئاست دابەزی.

لەگەڵ کرانەوەی بۆرسەی تورکیدا، بەھای دۆلارێک گەیشتە ٩.٢٧ لیرە، بەم جۆرەش بەھای لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلار گەیشتە کەمترین ئاست لە مێژووی خۆیدا.


دابەزینی بەھای لیرەی تورکی بۆ ئەم ئاستە کەمە، دوای ئەوە دێت کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بە مەبەستی ڕێگریکردن لە زیاتر دابەزینی بەھای لیرە، لە نیوەشەوێکی ھەفتەی ڕابردوو سێ بەڕێوەبەری لە بانکی ناوەندی گۆڕی.


لەگەڵ ئەوەی چەند ساڵێکە سەرۆک کۆماری تورکیا بەڵێن دەدات ڕێگری لە دابەزینی بەھای دراوی وڵاتەکەی بکات، بەڵام ڕۆژ بە ڕۆژ بەھای لیرە زیاتر دادەبەزێت و ئۆپۆزسیۆنیش دەڵێت دەستوەردانەکانی سەرۆک کۆمار و حکومەت لە کاروباری بانکی ناوەندی ھۆکاری سەرەکی دابەزینی بەھای لیرەن.