گۆڕانی کەشوھەوا زیانی گەورەی بە ئابوریی جیھان گەیاندووە

2021-04-23   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بە گوێرەی توێژینەوەیەکی یەکێک لە کۆمپانیا گەورەکانی دڵنیایی جیھان، گۆڕانی کەشوھەوا زیانی گەورەی بە ئابوریی جیھان گەیاندووە لە چەندین کەرتی وەک کشتوکاڵ و تەندروستی و ژێرخانی ئابوریی وڵاتان، توێژینەوەکە کۆی زیانە ئابورییەکانی ئەو دیاردەیەی لەسەر ئاستی جیھان بە ٢٣ ترلیۆن دۆلار خەمڵاندووە.

توێژینەوەکەی کۆمپانیای (سویس ئینشۆرەنس) گەیشتووەتە ئەو دەرەنجامەی کە دەکرێت مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوھەوا کەمبکرێتەوە، ئەویش بە پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی ھەماھەنگی جیھانی بۆ کەمکردنەوەی بەکارھێنانی ئەو سوتەمەنیانەی دەبنە ھۆی گەرمبوونی کەشوھەوای گۆی زەوی. 


بڵاوکردنەوەی ئەو ڕاپۆرتە ھاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی جیھانیی زەوی و کۆبوونەوەی باڵای کەشوھەوا بە میوانداریی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا.


بەشدارانی ئەو کۆنفرانسە نیگەرانیان دەربڕیوە لە دیاردەی گەرمبوونی کەشوھەوا و بەڵێنیان داوە  دەستپێشخەر بن بۆ دانانی سنورێک بۆ بڵاوبوونەوەی ئەو گازانەی لە ھەوادا ھۆکاری گەرمبوونی کەشوھەوای گۆی زەوین.


ڕاپۆرتەکە گەیشتووەتە ئەو دەرەنجامەی وڵاتانی ھەژار زۆرترین زیانیان لەو دیاردەیە بەردەکەوێت.


ڕاپۆرتەکە پشتی بەستووە بەو ڕاستییەی کە جێبەجێکردنی پەیماننانەی پاریسی تایبەت بە کەشوھەوا، ئەو پەیماننامەیەی وڵاتان پابەند دەکات بە ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای گۆی زەوی، کاریگەریی گەورەی لەسەر ئابوریی جیھان دەبێت و ڕێگری دەکات لە پاشەکشەی ئابوریی جیھان بە ڕێژەی ٤.٢٪ .

 

ھاوکات جەختیش لەوە دەکاتەوە کە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای گۆی زەوی بە بڕی دوو پلەی سەدی، بە ڕێژەی ١١٪ تا ١٣٪ زیان بە ئابوریی جیھان دەگەیەنێت.