ئەمریکا: تورکیا موشەک لە روسیا بکڕێت سزا دەدرێت

2021-09-27
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئەمریکا داوا لە تورکیا دەکات موشەکی زیاتر لە روسیا نەکڕێت، ئەگەرنا سزا دەدرێت.

نید پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، پێویستە تورکیا موشەکە ئێس ٤٠٠ەکانی دروستکراوی روسیا لەناو ببات و چیدی کەلوپەلی سەربازی لە مۆسکۆ نەکڕێت، بەپێچەوانەوە روبەڕوی گەمارۆی زیاتر دەبێتەوە.


ئەم لێدوانەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پاش ئەوەدێت کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە کڕینی سیستمی بەرگریی موشەکیی ئێس ٤٠٠ لە روسیا و کەسیش ناتوانێت رێگریان لێبکات. 


ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەمریکا پێیوایە ئەو سیستمە ھەڕەشەیە بۆ سەر فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف ٣٥، بۆیە ئەو پرسە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و ئەنقەرەی ئاڵۆز کردووە.