لەبارەی ھەڵپەساردنی خوێندن لە چەند پەیمانگایەک رونکردنەوە دەدرێت

2021-09-27   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
وەزارەتی پەروەردە بڕیاری ھەڵپەساردنی خوێندن دەدات لە پەیمانگاکانی راھێنان و گەشەپێدانی پەروەردەیی لە ھەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەری گشتی پەیمانگاکان و مەشقکردن لە وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، "بڕیارەکە لە پێناو بەرژوەندی گشتی بووە و ئەو مامۆستایانەی دەیانەوێت درێژە بەخوێندن بدەن دەتوانن بچنە کۆلیژەکانی ئێواران".

مامۆستا موزەفەر مستەفا بەڕێوەبەری گشتی پەیمانگاکان و مەشقکردن لە وەزارەتی پەروەردە بۆ بەیانی کوردسات نیوز وتی، "بەبڕیاری وەزارەتی پەروەردە بڕیاری ھەڵپەساردنی خوێندن درا لە لە پەیمانگاکانی راھێنان  و گەشەپێدانی پەروەردەیی کە ژمارەیان چوار پەیمانگابوو لە سلێمانی، ھەولێر، دھۆک و ئیدارەی گەرمیان ئەوەش بەھۆی ئەوەی لە ئێستادا کۆلیژی پەروەردەی بنەڕەتی کراوەتەوە و ئەو مامۆستایانەی بڕوانامەکانیان دبلۆمە دەتوانن لە کۆلێژی پەروەردەی بنەرەتی درێژە بەخوێندن بدەن و بە رەسمی بڕوانامەکانیان بکەنە بکالۆریۆس".


راشیگەیاند، "گرفتی ئەو پەیمانگایە ئەوەبوو کاتێک کرایەوە لە ساڵی ٢٠١٣-٢٠١٤ ئامانج لێی راھێنان بوو بە مامۆستایان، بەڵام ھەڵە تێگەشتن ھەبوو بەوەی بڕوانامەکانیان دەبێتە بکالۆریۆس لەکاتێکدا تەنھا ئیمتیازاتەکانیان بەوجۆرەیەو لەناو وەزارەتی پەروەردە کاری پێدەکرێت و ئەوەش لە بڕوانامە دەنوسرێت کە خولێکی راھێنانی تەواوکردووە نەک بڕوانامەی بکالۆریۆس بێت".

بەڕێوەبەری گشتی پەیمانگاکان و مەشقکردن لە وەزارەتی پەروەردە باسی لەوەشکرد، ئەو مامۆستایانەی لەو پەیمانگایە وانەیان دەوتەوە ژمارەیەکیان راژەکانیان دەگوازرێتەوە بۆ قوتابخانەکانی سابیس، ناوەندەکانی خوێندن و ژمارەیەکیشیان بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی مەشق و راھێنان و بڕیارەکەش کە دراوە بۆ بەرژوەندی گشتی بووە.