بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان ئاڵۆزییەکانی ئەمریکا و تورکیا زیاتر دەکات

2021-04-23   |  
کارەساتی جینۆسایدی ئەرمەنەکان لەلایەن دەوڵەتی عوسمانیەوە
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ھەردوو ڕۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ و واشنتۆن پۆستی ئەمریکی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئاشکرایانکردووە، جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا سبەینێ کە ھاوکاتە لەگەڵ یادی ١٠٦ ساڵەی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان، وەک یەکەم سەرۆکی ئەمریکا کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان وەک جینۆساید دەناسێنێت.

کۆمەڵکوژی ئەرمەکان لە ساڵی ١٩١٥ لەسەر دەستی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی لە جەنگی یەکەمی جیھان لە دژی ئەرمەنەکان ئەنجامدراوە و ھیچ سەرۆکێکی ئەمریکا لە ڕابردوودا خۆی لە قەرەی بە جینۆساید ناساندنی ئەرمەنەکان نەداوە و تەنھا ڕۆناڵد ڕیگان لە ساڵی ١٩٨١ وشەی جینۆسایدی بۆ ئەرمەنەکان بەکارھێناوە.


لە ساڵی ٢٠١٩ش کۆنگرێسی ئەمریکا بە دەنگدانێکی ڕەمزی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکانی بە جینۆساید ناساندووە، لە ماوەی ڕابردووشدا ١٠٠ ئەندامی کۆنگرێس لە سەروو ھەموویانەوە ئادەم شیف سەرۆکی لیژنەی ھەواڵگری لە ئەنجومەنی نوێنەران نامەیەکیان ئاڕاستەی بایدن کرد و داوایان لێکرد پابەند بێت بەو بەڵێنەی لە کاتی ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا داویەتی بۆ بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان.


‏ھاوکات چاک شومەر سەرۆکی دیموکراتەکانیش لە کۆنگرێسی ئەمریکا ڕایگەیاند، جۆو بایدن ‏دەبێتە یەکەم سەرۆکی ئەمریکا کە بە ڕەسمی دانبنێت بە کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان ‏وەک تاوانێکی جینۆساید، دەشڵێت، سبەینێ ئەمریکا دان بەو ڕاستییەدا دەنێت و ‏ساڵیادی ئەو جینۆسایدە دەکاتەوە.‏


تا ئێستا ٣٠ دەوڵەتی جیھان دانیان بە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکاندا ناوە و داننانی ئەمریکاش کاریگەری دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی واشنتۆن و ئەنقەرە، بەو پێیەی لە ئێستادا بە قۆناغێکی نائاسایدا گوزەر دەکات و جۆو بایدن لە دوای دەستبەکاربوونی ھیچ جۆرە پەیوەندییەکی بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیاوە نەکردووە.


بڕیارە چاوەڕوانکراوەکەی بایدن بۆ بەجینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان، چەند ڕۆژێکە ھەستی پێکراوە و مەولود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیاش ڕایگەیاندووە، ڕاگەیاندن بە بێ پابەندبوونی یاسایی ھیچ جۆرە سودێکی نابێت و تەنھا زیان بە پەیوەندییەکان دەگەیەنێت. وتیشی، ئەگەر ئەمریکا دەیەوێت پەیوەندییەکانیان زیاتر ئاڵۆز بێت بڕیار بە دەستی خۆیەتی.


تا ئێستا تورکیا ئامادە نییە دان بە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان لەلایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە بنێت و پێی وایە تەنھا کارەساتێک بووە کە زیانی بۆ تورک و ئەرمەن ھەبووە.