ئێران: دانوستانەکانمان لەگەڵ سعودیە بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە

2021-09-24   |  
ئێران سعودیە
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، دانوستانەکانیان لەگەڵ سعودیە، بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە.

سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ھەواڵی ئێرنا رایگەیاند، لە چەند مانگی رابردوودا چەندین خولی دانوستانیان لەگەڵ بەرپرسانی سعودیە لە بەغداد ئەنجامداوە و لەبارەی بابەتە دوولایەنەکان گفتوگۆی باش کراوە، وتیشی، لەبارەی ئاسایشی کەنداوی فارس، بەرەوپێشچوونی باش لە گفتوگۆکاندا ھەبووە.
خەتیب زادە راشیگەیاند، دانوستانەکانی نێوان تاران و ریاز ھیچکات رانەگیراوە و دوای دەستبەکاربوونی ئیبراھیم رەئیسیش، پەیامەکان لە ئاستێکی گونجاودا ئاڵوگۆڕ کراون.
ئەوەش لەکاتێکدایە، شا سەلمان پاشای سعودیە لە وتارەکەیدا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک رایگەیاند، ھیواخوازە دانوستانەکانی نێوان سعودیە و ئێران بگاتە ئەنجامێکی دڵنیاکەرەوە لە چوارچێوەی متمانە دروستکردن و ھاوکاری دوولایەنە لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەری و دەست وەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی یەکتر.