باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەکەیدا زۆرترین ھێرشی ئەلکترۆنی کراوەتە سەریان و نیوەی ھێرشەکانیش لە ئەمریکاوە بووە.
باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە "واشنتۆن" لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە کاتی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ڕووسیا کە ڕۆژانی ١٧ بۆ ١٩ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، زۆرترین ھێرشی ئەلکترۆنی کراوەتە سەریان و لە ٥٠٪ی ھێرشەکانیش لە خاکی ئەمریکاوە بوون، کە ئامانج لێیان ناشرینکردنی حزبی دەسەڵاتداری ڕووسیا بووە و داوا دەکەن ئەمریکا لەو بارەیەوە ڕوونکردنەوە بدات.
پێشتریش "ڤالنتینا ماتڤیینکو" سەرۆکی ئەنجومەنی فیدراڵی ڕووسیا ڕایگەیاندبوو، ڕەنگە سزای ئەو وڵاتانە بدەن کە بە ھێرشی ئەلکترۆنی سیستمی ھەڵبژاردنی ڕووسیایان کردووەتە ئامانج.