لە ئەمریکا کارتی ڤاکسین ساختە دەکرێت

2021-05-08   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
لە ئەمریکا خاوەنی فرۆشگایەک لە باکوری کالیفۆرنیا دەستگیرکراوە بە تۆمەتی فرۆشتنی کارتی ڤاکسینی ساختە بە ژمارەیەک کارمەندی فەرمانگەی کۆنترۆڵکردنی ماددە کحولییەکان کە بە جلوبەرگی مەدەنییەوە چوون بۆ لای بەمەبەستی کڕینی ئەو کارتانە بەبڕی ٢٠ دۆلار بۆ ھەر کارتێک.

تێد ئەندرسن خاوەنی ئەو فرۆشگایە تۆمەتبار کراوە بە دزین و ساختەکردنی ئەو کارتانە و ھەڵگرتنی چەک بەبێ مۆڵەت.

پۆلیسی کالیفۆرنیا بەدوای کەسێکی تریشدا دەگەڕێن کە رەنگە پەیوەندی بەو کەیسەوە ھەبێت.

ڵیوک بڵیم، بەرپرسی فەرمانگەی کۆنترۆڵکردنی ماددە کحولییەکان لە ئەمریکا دەڵێت، کارمەندەکانمان بە جلی مەدەنیەوە سەردانی ئەو شوێنەیان کردوە و خۆیان وەک کڕیار ناساندوە و چەند کارتێکی ساختەیان لێ کڕیوە، لە چەند شوێنێکی تریش تێبینیی کردەوەی لەو جۆرەمان کردوە.

کارتی ڤاکسین وەک ناسنامەیەک بەکاردەھێنرێت و ھەڵگری ئەو کارتە رێگەی پێ دەدرێت سەردانی شوێنە قەرەباڵغەکان بکات، بەو پێەی ڤاکسینی کۆرۆنای وەرگرتوە و مەترسی لەسەر کەسانی تر دروست ناکات.

یەکێتیی ئەوروپاش لەوە دەکۆڵێتەوە، کە تەنھا رێگەی گەشتکردن بۆ وڵاتانی ئەندام لەو یەکێتییە بەو کەسانە بدات کە ھەڵگری کارتی ڤاکسینن.

ئەو دەستپێشخەرییە سەرەتا لەلایەن حکومەتی سویدەوە کرا و ناسنامەی ڤاکسینیان بۆ ئەو ھاوڵاتیانە دروستکرد کە ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتوە، تا بتوانن گەشت بکەن لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، بۆ ئەو مەبەستەش ھەماھەنگییان لەگەڵ رێکخراوی تەندروستیی جیھانی و یەکێتیی ئەوروپا کردوە بۆئەوەی ناسنامەیەک دروست بکەن و بیدەن بەو کەسانەی ڤاکسین وەردەگرن، ناسنامەکەش بە ستانداردێکی جیھانی بە شێوازێکی دیجیتاڵی دروست بکرێت تا لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتیش کاری پێ بکرێت و ساختە نەکرێت.