گەڕانەوەی مووشەکێکی چین بۆ سەر زەوی جیھانی سەرقاڵ کردووە

2021-05-07   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
گەڕانەوەی مووشەکێکی لە کۆنترۆڵ دەرچووی چین لە بۆشایی ئاسمانەوە بۆ سەر زەوی، جیھانی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە و مانگە دەستکردەکان و ناوەندە گەردوونیەکان سات بە سات لە چاودێریدان تاکو بزانن لە چ کات و شوێنێک دەکەوێتە خوارەوە. بە پێی پێشبینی ناوەندە گەردوونییەکان مووشەکە لە نێوان ڕۆژی ٨ بۆ ١٠ی ئەم مانگە دێتە بەرگە ھەوا.

ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو چین مووشەکی (لونغ مارش ٥ بی)  کە ھەڵگری بەشی یەکەمی وێستگەیەکی ئاسمانیی بوو کە بە نیازە بوو وەک دووەم وێستگە لە بۆشایی ئاسمان بونیادی بنێت، ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان کرد و دوای گەیاندنی یەکەی سەرەکی بە وێستگەی گەردوونی بە سەرکەوتوویی، مووشەکەکە بە شێوەیەکی ناڕێکخراو سوڕانەوەی بە دووری گۆی زەویدا دەستپێکردووە و لە کۆنترۆڵی ئاژانسی گەردوونی چین دەرچووە و بەرەو بەرگەھەوا دەگەڕێتەوە، بەڵام تا ئێستا نازانرێت لە کوێوە دێتە ناو بەرگە ھەوای زەوی و لە کوێدا دەکەوێتە خوارەوە.


مووشەکەکەی چین درێژییەکەی ٣٠ مەتر و تیرەکەی ٤ مەترە و کێشەکەی دەگاتە ٢١ تۆن، ئەوەش نیگەرانی لای ئاژانسەکانی گەردوونی دروستکردووە و ترسیان ھەیە لە ناوچەیەکی نیشتەجێبوون بکەوێتە خوارەوە، لە بەرامبەریشدا بەشێک لە ناوەندەکان پێشبینی دەکەن بکەوێتە ناو دەریاوە بەو پێیەی ٧٠٪ی زەوی ئاوە.


ڕێکخراوی (ئێرۆ سپەیس کۆرپۆرەیشن)ی گەردوونی ئەمریکا پێشبینی کردووە ڕۆژی شەممە مووشەکە بێتە ناو بەرگە ھەوا و لە سودان یاخود کەناراوەکانی ئوستورالیا بکەوێتە خوارەوە.
ئاژانسی گەردوونی ڕووسیاش ڕایگەیاندووە، بە چڕی چاودێری جوڵەی مووشەکەکە دەکات و ھەوڵدەدات شوێنی کەوتنەخوارەوەی بزانێت.


بە پێی پێشبینییەکانی ئاژانسی گەردوونی ئەوروپاش مووشەکەکە لە نێوان ٨ بۆ ١٠ی مانگ دەکەوێتە خوارەوە.


ھەروەھا وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاندووە، شوێنی کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکە نازانرێت تا چەند سەعاتێک دوای ھاتنی بۆ ناو بەرگە ھەوا. لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکاش ڕایگەیاندووە، ھیچ پلانێکیان نیە بۆ تێکشاندنی مووشەکەکە.


لە بەرامبەریشدا وەزارەتی دەرەوەی چین دڵنیایی داوە و ڕاگەیاندووە، لە کاتی ھاتنی مووشەکەکە بۆ ناو بەرگە ھەوا بەشێکی زۆری دەسوێتێت و ئەگەری کەوتنەوەی زیان بەھۆی مووشەکەکەوە زۆر کەمە.