کونسوڵخانەکانی ئەمریکا و ئەڵمانیا ھەڵوێستی خۆیان لە بارەی بڕیاری دادگای تێھەڵچوونەوەی ھەرێم بۆ پەسەندکردنی سزای دەستگیرکراوانی بادینان ڕاگەیاند و پشتیوانی خۆیان بۆ ئازادی ڕادەبڕین دووپاتکردەوە.
کونسوڵخانەی ئەمریکا لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، وڵاتەکەی پشتیوانی لە ئازادی ڕادەبڕین و ڕاگەیاندن دەکات و ئازادی ڕادەبڕین بەشێکە لە ناسنامەی وڵاتەکەی و بەردەوام دەبن لە داکۆکیکردن لێی وەک بەشێک لە بەھا سەرەکییەکان.
ڕوونیشیکردووەتەوە، چاوەڕوانیان لە حکومەتەکان لە جیھاندا ھەیە ڕێز لە دیبلۆماتکارەکانیان بگرن، کە بە ھەمان شێوەی ڕۆژنامەنوسان لەگەڵ خەڵکی جۆرا و جۆر کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی بتوانن کاروبارەکانیان بکەن.
کونسوڵخانەی ئەڵمانیاش نیگەرانی خۆی لە بڕیارەکەی دادگای تێھەڵچوونەوە دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە، بڕیارەکە قورسە و ھیچ بەڵگەیەکی ڕوونی تێدا نیە کە شایەنی سزادانی دەستگیرکراوان بێت.
جەختیشی کردووەتەوە، ئاڵوگۆڕی بیروڕای ئازادانە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان و چالاکان بەشێکە لە کاروباری دیپلۆماسی و بڕیارەکەی دادگاش دژ بە ڕۆحی دیموکراسی و دۆستایەتیانە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان.