بەرھەمی کێڵگەی نەوتی ئەتروش گەیشتە چل و دوو ھەزار بەرمیل

2021-05-06   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
کۆمپانیای شاماران ڕایگەیاند، بەرھەمی کێڵگەی نەوتی ئەتروش گەیشتووەتە چل و دوو ھەزار بەرمیلی ڕۆژانە و لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵیشدا ١٣ ملیۆن دۆلار قازانجی کردووە.

کۆمپانیاکەی شاماران لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کۆمپانیاکەیان توانیوویەتی ١٠٤٪ی قەرزەکانی بگەڕێنێتەوە و قەواڵەکانیشی بە بڕی ١٠ ملیۆن دۆلار بدەنەوە ئەمە سەرباری ئەوەی لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ توانیوویانە ١٣ ملیۆن دۆلار قازانج بکەن.


عادل شاوش بەڕێوەبەری کۆمپانیای شاماران ڕایگەیاندووە بەھۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە ساڵی ڕابردوو تەواوی پڕۆژەکانی گەشەپێدانیان وەستاندووە بەڵام بەھۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە ٢٠٢١ گەشبینن و ھەوڵی پەرەپێدانی پڕۆژەکانیان ئەدەن.


ھەر بە پێی ڕاگەیەندراوەکەی شاماران لەم ساڵدا بڕی ٤١ ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار دۆلاریان وەک شایستەی دارایی کۆمپانیاکە لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە پێدراوە و لە ماوەی کارکردنیشیان زیاتر لە ٤٠ ملیۆن بەرمیل نەوتیان بەرھەمھێناوە.