وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی ھاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی خوار مۆدێل ٢٠١٩ بڕیار دەدات

2021-05-06   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم ھاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی خوار مۆدێل ٢٠١٩ تاوتوێ دەکات، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی ھاتووچۆی ھەرێمیش دەڵێت، ئەو بڕیارە لە عێراق جێبەجێکراوە و چاوەڕوان دەکەن لە ھەرێمیش جێبەجێ بکرێت.

عەمید ئەسعەد کەریم وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی ھاتووچۆی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڕیاریداوە، رێگە بە ھاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی خوار مۆدێل ٢٠١٩ بدرێت، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم ھاوردەکردنی ١٠ جۆر ئۆتۆمبێلی خوار مۆدێل ٢٠١٩ تاوتوێ دەکات، بۆئەوەی وەک عێراق رێگە بەھاوردەکردنیان بدرێت.

وتیشی، مەرج نییە رێنماییەکانی عێراق لە ھەرێم جێبەجێ بکرێن، بەڵام ھەوڵدەدرێت نزیک لە بڕیار و رێنماییەکانی عێراق لە ھەرێمیش رێگە بە ھاوردەکردنی ئۆتۆمبێل بدرێت و  بۆ ھەر جۆرێکی ئۆتۆمبێل ٢ ملیۆن دینار رسومات وەربگیرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لەئێستادا تەنھا رێگە بە ھاوردەکردنی مۆدێلەکانی "٢٠١٩ و ٢٠٢٠ و ٢٠٢١" دەدرێت بۆ ھەموو جۆرەکانی ئۆتۆمبێل.