٢٠ ملیۆن کەس لەجیھاندا روبەڕوی قەیرانی خۆراک دەبنەوە

2021-05-06   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بەپێی راپۆرتێکی نوێی نێودەوڵەتی، لە ساڵی ٢٠٢٠دا، نزیکەی ٢٠ ملیۆن ھاوڵاتی رووبەڕووی قەیرانی خۆراک بوونەتەوە.

راپۆرتەکە لەلایەن تۆڕی جیھانی بۆ بنبڕکردنی قەیرانەکانی خۆراک ئامادەکراوە و تێیدا باس لەوەکراوە، بەھۆی چەندین ھۆکاری جیاواز، نزیکەی ٢٠ ملیۆن کەس لە ساڵی رابردوودا روبەڕووی قەیرانی خۆراک بوونەتەوە، ھۆکارەکەشی بۆ بەردەوامبوونی توندوتیژیی و ململانێ چەکدارییەکان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەرانسەری جیھاندا و ناجێگیریی کەشوھەوا گەڕاندووەتەوە.

بەپێی راپۆرتەکە، ئەمساڵیش کێشە و قەیرانەکانی ساڵی ٢٠٢٠ بەردەوام دەبن، ھەر لەو روانگەیەوە ساڵی ٢٠٢١ مژدەبەخش نییە و پێویستە رێوشوێنی بە پەلە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان بگیرێتەبەر.

تۆڕی جیھانی بۆ بنبڕکردنی قەیرانەکانی خۆراک کە لەلایەن یەکێتی ئەوروپا و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠١٦ دامەزراوە، ھۆشداریشیداوە، نەبوونی ئاسایشی خۆراک لە ساڵی ٢٠١٧ەوە زیادیکردووە و ئەمەش یەکەم ساڵە، راپۆرت لەبارەی قەیرانەکانی خۆراک بڵاوبکرێتەوە. 

ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس ئەمینداری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش رایگەیاند، پێویستە ھەموو رێکارەکان بۆ بنبڕکردنی برسێتیی بگیرێتەبەر، چونکە برسێتی لەسەدەی ٢١دا جێگەی نابێتەوە، داواشیکرد، لەسەر ئاستی جیھان ھەماھەنگی پێویست بکرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ئاڵۆزییەکان و رێگرتن لەزیاتر بڵاوبوونەوەی برسێتی و قەیرانی خۆراک.

بەپێی راپۆرتەکە ھۆشداری دراوە قەیرانی خۆراک ئەمساڵیش بەھۆی ململانێ جیاوازەکان بەردەوام دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا رێکارە نوێیەکان بۆ بنبڕکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا مژدەبەخشن و کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی برسێتی و قەیرانی خۆراک لە جیھاندا دەبێت.

تۆڕی جیھانی بۆ بنبڕکردنی قەیرانەکانی خۆراک ئاماژەی بەوەشکردوە، لە ساڵی رابردوودا لەکۆی ٣ کەس، ٢ کەس لە کیشوەری ئەفریقا کاریگەری قەیرانی خۆراکیان لەسەر بووە، یەمەن و ئەفغانستان و سوریا و ھایتیش لەریزی ئەو وڵاتانەن، کە لە ساڵی ٢٠٢٠دا بەشێوەیەکی مەترسیدار، روبەڕووی قەیرانی خۆراک و برسێتی بوونەتەوە.