چوار شار لە خۆرھەڵاتی کوردستان وەک ناوچەی ئازادی ‏بازرگانیی پەسەندکران

2021-05-06   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
حکومەتی ئێران چوار شاری خۆرھەڵاتی کوردستان وەک ناوچەی ئازادی ‏بازرگانیی و پیشەسازیی پەسەند دەکات.‏

بەھمەن مورادنیا پارێزگاری سنە رایگەیاند، ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندییەکانی ئێران شارەکانی بانە و مەریوانی لەپارێزگای سنە وەک ناوچەی ئازادی ‏بازرگانیی و پیشەسازیی پەسەندکردوە.

وتیشی، ئەو بڕیارە کاریگەرییەکی زۆری دەبێت ‏لەسەر دابەزاندنی رێژەی بێکاری و نەمانی دیاردەی کۆڵبەری و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان ئێران و ھەرێمی کوردستان.

ھاوکات پارێزگارەکانی ئیلام و کراماشانیش ئاماژەیان بەوە کردوە، قەسری شیرین لە پارێزگای کرماشان و شاری میھرانیش لە پارێزگای ئیلام بە ھەمان شێوە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندییەکانی ئێرانەوە وەک ناوچەی ئازادی ‏بازرگانیی و پیشەسازیی پەسەندکراون.

پێشتریش ئەم بڕیارە لە پەرلەمانی ئێران پەسەندکرابوو، بەڵام ‏ناوەندنی پاراستنی دەستور پەسەندی نەکردبوو، دواتر ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندی ئێران ئەو پرسەی یەکلایی کردەوە و پەسەندیکرد.