ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ھاوسەرۆکانی یەکێتی و وەفدی باڵای بەریتانیا

2021-05-05   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئەمڕۆ شاری ھەولێر بافڵ تاڵەبانی و لاھور شێخ جەنگی ھاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە پێشوازییان کرد لە مارشاڵ سامیوڵ سامپسۆن گەورە ڕاوێژکاری بەرگریی بەریتانیا بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و ستیفن ھیکی باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و جەیمس سۆرنتن، کونسڵی گشتیی بەریتانیا لە ھەرێمی کوردستان و وەفدێکی یاوەریان.

لە دیدارێکدا کە ھەریەک لە د.سۆران جەمال تاھیر ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و پۆڵاد شێخ جەنگی فەرماندەی ھێزەکانی دژە تێرۆر ئامادەی بوون، گفتوگۆ کرا لەبارەی دوایین پێشھات و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە دۆخی سیاسی و ئاڵنگارییە ئەمنییەکان و بەردەوامیی مەترسییەکانی داعش لە عێراق و ھەرێمی کوردستان و پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەریتانیا، بە تایبەت لە ڕووی ھاریکاریی سەربازییەوە.

ھاوسەرۆکان بۆچوون و سەرنجی خۆیان لەبارەی شانە نوستووەکانی داعش و جموجۆڵەکانیان و ڕێوشوێنەکانی ڕووبەڕووبوونەوەیان خستە ڕوو، جەختیشیان لەسەر کاری ھاوبەش و پێکەوەیی و ھەمئاھەنگیی نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق کردەوە بە پشتیوانیی ھێزەکانی ھاوپەیمانان بە تایبەتی لە کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان، کە بۆشایی ئەمنییان ھەیە.

ھاوسەرۆکان ئاماژەیان بۆ گرنگی و پێویستی بەردەوامی ھاریکارییە سەربازییەکان و ئەرکی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان کردەوە بۆ لەناوبردنی تەواوی چەکدارانی داعش و دوورخستنەوەی مەترسییەکانی تیرۆر و دابینکردنی سەقامگیریی ئەمنی و ئارامی بۆ ناوچەکە.

ھاوکات سوپاسی گەل و حکومەتی بەریتانیا و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتییان کرد بۆ پیشکەشکردنی یارمەتی و ھاوکاری و پێداویستیی سەربازی و پشتیوانییەکانیان بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان و بەردەوامی مەشق و ڕاھێنان بە ھێزەکانی پێشمەرگە.

لەبارەی چاکسازیی و یەکخستنی ھێزەکانی پێشمەرگە، ھاوسەرۆکان ئامادەیی و پشتیوانیی سەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانیان دووپاتکردەوە بەوجۆرەی کە بنەمای یەکسانی و ھاوسەنگی تێدا ڕەچاو بکرێت، خواستی یەکێتییان خستە ڕوو بۆ بوونی یەک ھێزی پێشمەرگە کە دوور بێت لە ھەموو دەستوەردانێک و ھەرێمی کوردستانیش ببێت بە خاوەن ھێزێکی نیشتیمانیی ڕێکخراو.

لە کۆتایی دیدارەکەدا ھەردوولا ھاوڕا بوون لەسەر دیاریکردنی پلان و بەرنامەیەکی گونجاو بۆ بەردەوامی کاری پێکەوەیی بۆ لەناوبردنی یەکجاریی شانە نوستووەکانی چەکدارانی داعش.

وەفدی میوانیش سوپاسی ڕۆڵ و قارەمانی و قوربانیدانی ھێزەکانی پێشمەرگەیان کرد لە شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا.لەبارەی پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا و پێگەی ھەرێم لە ھاوکێشەکاندا، ھاوسەرۆکان جەختیان لە یەکڕیزی نیشتمانی و یەکھەڵوێستی کورد لە بەغدا کردەوە و ئاماژەیان بۆئەوەکرد پێکھێنانی ھاوپەیمانی کوردستان بۆ ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق لەنێوان یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان دەستپێک و ھەنگاوێکی گرنگ بوو بە ئاڕاستەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کورد.