کوردسات نیوز زانیاری نوێ لەسەر دابەشکردنی موچە ئاشکرا دەکات

2024-10-01   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
وەزارەتی دارایی ھەرێم، چاوەڕوانی ٢٤٣ ملیار دیناری بەغدادە بۆ مووچەی مانگی ئاب، ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەڵێت، حکومەتی ھەرێم دەتوانێت لە داھاتی ناوخۆ کورتھێنانی موچە پڕبکاتەوە.

دارا سێکانیانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، تائێستا وەزارەتی دارایی عیراق بڕیاری خەرجکردنی بڕی ٢٤٣ ملیار دیناری تەواوکاری بۆ موچەی مانگی ئاب نەداوە، بەڵام حکومەتی ھەرێم دەتوانێت لە داھاتی ناوخۆ ئەو کورتھێنانە پڕبکاتەوە و موچەی پێ دابەشبکات.

وتیشی، حکومەتی ھەرێم لەئێستادا پارەی تەواوی لەبەردەستە، بەڵام کەمتەرخەمی دەکات لە دابەشنەکردنی موچەی مانگی ئاب.

رۆژی ٢٧ی ئەم مانگە، وەزارەتی دارایی رایگەیاند، بڕیارە ئەم ھەفتەیە بەغداد پارەی تەواوکاری مووچەی مانگی ئاب بنێرێت و دەست بە دابەشکردنی موچە دەکرێت، بەڵام تائێستا نازاندرێت بەغداد کەی پارەکە رەوانە دەکات.

ھەرێم بۆ دابەشکردنی موچە ٩٩٨ ملیار دیناری پێویستە و لەئێستادا ٧٥٥ ملیار دیناری لەبەردەستە، بەوپێیە بڕی ٢٤٣ ملیار دینار کورتھێنان ھەیە.

رۆژی سێی ئەیلول، دەستکرا بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تەمموزی فەرمانبەرانی ھەرێم و بە سێ رۆژ مووچە دابەشکرا.