بە بەشداری سەرۆک کۆماری عیراق، ئیدارەی دەوڵەت کۆبووەوە و تاوتوێی دوایین پێشھاتە ئەمنییەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و کشانەوەی ھاوپەیمانان و پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی کرد.
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عیراق بڵاویکردەوە، بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سودانی و بە بەشداری د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆمار، ئیدارەی دەوڵەت کۆبووەوە و تێیدا، یەکگرتووی ھەڵوێستی عیراق بەرامبەر گەلی فەڵەستین دووپاتکرایەوە، ھەروەھا ئیدانەی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و کوژرانی حەسەن نەسروڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵا کرا.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە کۆبوونەوەکەدا، ھەوڵە فریاگوزارییەکانی حکومەتی فیدراڵ بۆ لوبنان بەرزنرخێنرا و ھەڵسەنگاندن بۆ ھەڵوێستە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل، ھەروەھا بەرپرسیارێتی ھێرشەکانی ئیسرائیلی خستەسەر ئەستۆی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عیراق تاکو مانگی ئەیلولی ساڵی داھاتوو تاوتوێکرا و بە ھەنگاوێکی گرنگ دانرا بۆ تەواوکردنی پایەکانی سەروەری عیراق و یەکخستنەوەی ھێزە چەکدارەکانی عیراق.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، ئیدارەی دەوڵەت جەختیکردەوە لە گرنگی یەکلاییکردنەوەی پرسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە زووترین کاتدا.