لە رۆژێکدا زیاتر لە سێ ھەزار ٢٠٠ کەس لە لوبنانەوە ئاوارەی سوریا بوون

2024-09-30   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
زیاتر لە سێ ھەزار ئاوارە لە لوبنانەوە روو لە شارەکانی باکوری سوریا و رۆژئاوای کوردستان دەکەن و بڕیارە لەچەند شوێنێکدا جێگیربکرێن.

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکور و رۆژھەڵاتی سوریا بڵاویکردەوە؛ رۆژی دووشەممە لە سنورەکانی مەنبج و تەبقا زیاتر لە سێ ھەزار و ٢٠٠ ئاوارە لە لوبنانەوە روویان لە سوریا کردووە و بڕیارە ژمارەیەکیشیان لە رۆژئاوای کوردستان جێگیربکرێن.

بەھۆی دۆخی شەڕ و ھێرشەکانی ئیسرائیل ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەی پێشتر ئاوارەی لوبنان بوون دەگەڕێنەوە کە ژمارەیەکیان ھاووڵاتییانی کوردی رۆژئاوان.

خۆسەر راشیگەیاندوە؛ ئەو ھاووڵاتییە سوری و کوردانەی کە لە لوبنانەوە دەگەڕێنەوە، لە شوێن و ناوەندی تایبەتدا جێگیردەکرێن.

بەپێی ئامارەکان نزیکەی ٣٥ ھەزار کورد کە زۆرینەیان خەڵکی عەفرین بەھۆی داگیرکرنی شارەکەیان روویان لە لوبنان کردووە و لەئێستادا ھەوڵی گەڕانەوە دەدەن بۆ ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان.