لیستی ژمارە ١٢٩ـی یەکێتی روونکردنەوەیەکی لەسەر رووداوی تەقەکردنەوەکەی ھەولێر بڵاوکردەوە

2024-09-30   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
پاسەوانەكانی لێپرسراوێكی پارتی لە هەولێر، لە مزگەوتی رەشاد موفتی تەقە لە شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ دەكەن كە بەشداری پرسەی خانەوادەیەكی یەكێتی كردبوو.

کاروان گەزنەیی وتەبێژی ڕەسمی لیستی ١٢ی یەکێتی روونکردنەوەیەکی لەسەر رووداوی تەقەکردنەکە بڵاوکردەوە و دەڵێت، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ بەشداری پرسەی خانەوادەیەکی یەکێتی کردووە لە یەکێک لە مزگەوتەکانی ھەولێر، لە پرسەکەدا کوڕێکی "قەھار سابیرعەلکە" قسەی نەشیاو کردووە، بەڵام شاڵاو کۆسرەت وەڵامی نەداوەتەوە، دواتر لەکاتی جێھێشتنی پرسەکە لەلایەن ناوبراوەوە، پاسەوانەکانی قەھار تەقەیان کردووە.

ئاماژەی بەوەشداوە، تەواوی ئەو کار و کردەوانە بە ھەوڵێکی نەزۆک دەبینن بۆ تێکدانی ئارامی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا، ھاوکات، دەرخەری ترسی لایەنی بەرامبەرە لە ھەڵبژاردن.

جەختیلەوەشکردووەتەوە، پابەندن بە بەڕێوەچوونی بانگەشەیەکی ھێمن و مەدەنی و دیموکراسی، داواکاریشن لە ھەموو لایەک بانگەشەیەکی ھێمن و ئارام بەڕێوەببەن.

ڕوونکردنەوەیەک لە لیستی (١٢٩) یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە...


بەداخەوە جارێکی تر لە ڕێگەی نانەوەی ئاژاوە، بەهۆی ترس لەهەڵبژاردن و شکستی هەڵبژاردن، لە ماوەی چەند ڕۆژێکە، دووەم جارە لە ڕێگەی کاری ئاژاوەگێڕییەوە، هەوڵ بۆ تێکدانی هەڵبژاردن دەدرێت. 

دیارە، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٣٠-٩-٢٠٢٤ لەکاتی بەشداری کردنی شاڵاو کۆسرەت رەسول لە پرسەی کۆچکردوو (تۆفیق حاجی حەمەکە) کە خانەوادەیەکی یەکێتین، کوڕێکی ( قەهاری سابیر عەلکە) لەناو مزگەوت قسەی نەشیاو دەکات، لە بەرامبەردا، لەپای ڕێزگرتن لە حەرەمی مزگەوت و نەریتی کۆمەڵایەتی و ئایینی میللەتەکەمان و خانەوادەی کۆچکردوو ، شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ وەڵامی ناداتەوە، هەرچەندە لە ماوەی هەفتەیەکدا ئەوە دووەم جارە ئەم ئاکارە ناشیرینە لە بازاڕی هەولێر و لە حەرەمی مزگەوتیش دووبارە بووەتەوە. 

پاشان، پاسەوانەکانی قەهار، لەکاتی جێهێشتنی مزگەوت لەلایەن شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ، لە ناو مزگەوتەکەدا تەقە دەکەن.

تەواوی ئەو کار و کردەوانە بە هەوڵی نەزۆک دەبینین بۆ تێکدانی ئارامی و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا. ئەم کردارانەش بەڕوونی ترسن لە هەڵبژاردن و پێچەوانەی دروشمەکانی خۆیانن؛ ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە دۆڕان و شکست چاوەڕوانییان دەکات. 

جارێکی تر، وەکو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، تەئکید لە با نگەشەیەکی هێمن و مەدەنی و دیموکراسی دەکەینەوە؛ و داواکارین لە هەموو لایەنەکان بانگەشەیەکی هێمن و ئارام بە ڕێوەببەن.

کاروان گەزنەیی
وتەبێژی ڕەسمی لیستی (١٢٩) یەکێتی نیشتیمانی کوردستان