گۆڕانكاریی لە كارنامەی كۆبوونەوەی سبەینێی ئەنجومەنی نوێنەراندا كرا و دەنگدان لەسەر گەڕاندنەوەی زەوی بۆ خاوەنەكانیان لەناوچە جێناكۆكەكان لەكارنامەكە لابرا.
کارنامەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران لەشەش تەوەر پێکھاتبوو کە یەکێکیان تایبەت بوو بە دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی خاوەندارێتی زەوی لەناوچە جێناکۆکەکان بۆ خاوەنەکانیان، بەڵام دواتر گۆڕانکاریی لەکارنامەکە کراو ئەو بڕگەیە لابرا.
کاروان یاروەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، لابردنی ئەو بڕگەیە لەکاتێکدایە ھەفتەی رابردوو سەرکردە و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی شیعە بەڵینیان بە فراکسیۆنە کوردستانیەکاندا لە دانیشتنی داھاتوودا پڕۆژە یاساکە بخرێتەوە کارنامەی دانیشتن تا سووننەکان رازی دەبن.
وتیشی شیعە و سووننە دەیانەوێت دەنگدان لەسەر ھەمواری یاسای لێبوردنی گشتی و یاسای باری کەسێتی و پرۆژە یاسای گەراندنەوەی موڵک و ماڵ لەیەک رۆژدا بێت تا سوننە و شیعە و کورد پابەندی دەنگدان بن.
ئەمە دووەمجارە دەنگدان لەسەر گەڕاندنەوەی زەوی بۆ خاوەنەکانیان لەناوچە جێناکۆکەکان لە کارنامەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران لادەبرێت، رۆژی ١٧ی ئەم مانگەش تاوتوێکردنی پڕۆژە یاساکە لە کارنامەی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران لابرا، بەو ھۆیەشەوە بەشێک لە پەرلەمانتارانی کورد بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد.
بەپێی پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی خاوەندارێتی زەوی لەناوچە جێناکۆکەکان بۆ خاوەنەکانیان، هەشت بڕیاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی رژێمی بەعسی پێشوو ھەڵدەوەشێنرێنەوە کە لە نێوان ساڵانی ١٩٧٥ بۆ ١٩٧٩ دەرکراون بۆ دەستبەسەرداگرتنی زەوی جوتیاران لە سنوری کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان.