کەنعانی: ئێران ھیچ کردەوەیەکی ئیسرائیل بێ وەڵام بەجێناھێلێت

2024-09-30   |  
فۆتۆ: 
لاڤە
ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی ھیچ کردەوەیەکی ئیسرائیل بێ وەڵام بەجێناھێڵێت.

کەنعانی لە کۆنفرانسی ھەفتانەیدا سەرباری سەرەخۆشی لە گەلی لوبنان لەسەر کوشتنی حەسەن نەسروڵا ئاماژەی بەوەکرد، رێبازی نەسروڵا زیندووە و گومانی تێدا نییە کە بەرەی مقاوەمە و گەلی لوبنان ئاھەنگ بۆ نەمانی ئیسرائیل و رزگارکردنی پیرۆزییەکانی قودس دەگێڕن. 

کەنعانی وتیشی، ئەمریکا ھیچ دەستکەوتێکی نابێت بە پشتیوانی کردنی ئیسرائیل و دوای بۆردوومانی دەوروبەری بەیروت بەو بۆمبانەی ئەمریکا بە دیاری پێشکەشی ئیسرائیلی کردووە وایکرد ئێران رێکاری سیاسی و یاسایی بخاتە کارنامەکانییەوە و ئێران ھیچ کردەوەیەکی ئیسرائیل بەبێ وەڵام بەجێناھێڵێت. 

کەنعانی وتیشی، باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە رەسمی ھەڵوێستی ئێرانی گەیاندووەتە ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، چونکە کوشتنی نەسروڵا و ئەندامانی دیکە ھەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و ئەمنییەتی ناوچەکە و دژی یاسای نێودەوڵەتییە.