ماوەی زانکۆلاین بۆ پێنج رۆژی تر درێژکرایەوە و تا ئێستا ٤٥ ھەزار دەرچوو داواکارییان پێشکەشکردووە، خوێندنی باڵا دەڵێت ئەوە دواین دەرفەتە و چیتر ماوەکە درێژناکرێتەوە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ھەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بۆ پێدانی دەرفەتی زیاتر بە دەرچوانی ١٢ی ئامادەیی بەتایبەتی بۆ ئەوانەی تائێستا بەھەر ھۆکاربێت نەیانتوانیووە فۆڕمی زانکۆلاین پڕبکەنەوە یان تەواویان نەکردوە، بڕیاردرا ماوەی زانکۆلاین بۆ پێنج رۆژی تر و تا سەعات ١٢ی شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە کە دەکاتە ٥/١٠/٢٠٢٤ درێژبکرێتەوە و بڕیارەکە دەرچوانی خوێندنگە کوردییەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تا پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ٧١٪ی دەرچوانی ئەمساڵ داواکارییان لە ڕێگەی زانکۆلاین پێشکەشکردوە، واتە ٣٩ ھەزار دەرچووی ئەمساڵ و شەش ھەزار دەرچووی ساڵانی پێشوو، وەزارەتی خوێندنی باڵا جەختیشیکردووەتەوە، ئەمە دواین دەرفەتە و چیتر ماوەی زانکۆلاین درێژناکرێتەوە.