باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عیراق رایگەیاند، کۆتاییھێنان بە بوونی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە کۆتایی ساڵی داھاتوودا دەستکەوتێکی مێژووییە.
باسم عەوادی بە رۆژنامەی "سەباح"ی نیمچە رەسمی راگەیاندووە، حکومەتی عیراق لە رەوشێکی زۆر ھەستیاری ناوچەکە و ئاڵۆزییە سیاسییەمانی ناوخۆوە، توانیوێتی بگاتە رێککەوتنێکی ھاوبەش بۆ کۆتاییھێنان بە ئەرکی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠٢٥دا.
جەختیشی کردەوە لەوەی، گەیشتن بە رێککەوتنێکی لەو جۆرە لە رەوشێکی ئاڵۆزدا و لەڕێی دانوستان و دیپلۆماسییەتەوە بەبێ ئەوەی لێکەوتەی نەرێنی سیاسی و ئابوری و دارایی و ئەمنی ھەبێت، دەستکەوتێکی مێژوییە و گرەنتی سەلامەتی و ئەمنییەتی عیراق و عیراقییەکان دەکات.
رۆژی ٢٧ی ئەیلول ئەمریکا و عیراق، وادەی کۆتاییھاتنی ئەرکی ھاوپەیمانانیان راگەیاند و جەختیانکردەوە ئەرکی ھاوپەیمانان لە عیراق لە کۆتایی مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠٢٥، کۆتایی پێدێت و ئەرکی ھاوپەیمانێتییەکە دەگۆڕدرێت بۆ ھاوبەشیی ئەمنیی دوولایەنە.