فەرماندە باڵاکانی سوپای عیراق کۆبوونەوە و جەختیان لە ئامادەیی ھێزە ئەمنیی و سەربازییەکان کردەوە بۆ روبەڕوبوونەوەی ھەر روداوێکی لەناکاو.
سوپای عیراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، عەبدولئەمیر رەشید یارەڵا سەرۆک ئەرکانی سوپا سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی ئەمنی کردووە، بۆ تاوتوێکردنی رەوشی ناوچەکە.
لە کۆبوونەوەکەدا، فەرماندەکانی ھێزی وشکانی و ئاسمانی و فڕۆکەکانی سوپا و بەرگری ئاسمانی بەشداربوون و باس لە رەوشی ئەمنی ناوچەکە کراوە، لەگەڵ ئەو ململانێیانەی ھێزە ئەمنییەکان لەگەڵ گۆڕانکارییە ھەرێمییەکان روبەڕووی دەبنەوە.
فەرماندەکانی سوپای عیراق ھەروەھا جەختیان کردەوە لەسەر ئامادەیی ھێزە ئەمنیی و سەربازییەکان عیراق بۆ گرەنتی کردنی ئەمنییەتی ناوچەکە و روبەڕوبوونەوەی ھەر رووداوێکی بەپەلە.