زانیاری نوێ لەبارەی كوژرانی حەسەن نەسروڵا ئاشكرا دەكرێت

2024-09-30   |  
فۆتۆ: 
شنیار
زانیاریی و وردەکاری نوێ سەبارەت بە کوژرانی حەسەن نەسروڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵا لەلایەن ئیسرائیلەوە بڵاودەبێتەوە و بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان لەرێگەی ماددەیەکی نامۆوە شوێنەکەی ئاشکراکراوە.

بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانیەکان،  کەسێکی نەناسراو نەسروڵای بینیوە  و تەوقەی لەگەڵدا کردوە، لە کاتی تەوقەکردنەکەدا مادەیەکی نەناسراوی بە دەستییەوە لکاندوە کە یارمەتی ئیسرائیلی داوە چاودێری شوێنەکەی بکات.

ڕۆژنامەی مەعاریفی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، ئیسرائیل دوو خولەکی پێویست بووە بۆ دۆزینەوەی شوێنی نەسروڵا و پشتڕاستکردنەوەی مانەوەی لە ناوچەیەکی باشوری بەیروت . دوای ئەوەش بە چەند خولەکێک فرۆکەکانی ئیسرائیل بارەگاکەیان بۆردومان کردووە و نزیکەی ٨٠ تۆن بۆمبیان بەسەر بارەگاکەدا بەرداوەتەوە.

رۆژی یەکشەممە، دوای ٤٨ سەعات لە کوژرانی، تەرمی حەسەن نەسروڵا لەژێر داروپەردوی باڵەخانە روخاوەکاندا لە بەیروت دۆزرایەوە و کە شوێنەواری ھیچ برینێکی راستەوخۆ بە تەرمەکەوە نەبووە و دەوترێت ھۆکاری مردنەکەی بەھۆی بەھێزی دەنگی بۆردومانەکەوە بووە.