سبەینێ ئەنجومەنی نوێنەران کۆدەبێتەوە و پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی خاوەندارێتی زەوی لەناوچە جێناکۆکەکان بۆ خاوەنەکانیان و ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی رژێمی بەعسی پێشوو لەو بارەیەوە دەخاتە دەنگدانەوە.
کارنامەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران لەشەش تەوەر پێکدێت، کە یەکەمیان دەنگدانە لەسەر پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی خاوەندارێتی زەوی لەناوچە جێناکۆکەکان بۆ خاوەنەکانیان، تەوەرەکانی دیکەش تایبەتن بە تاوتوێکردنی ژمارەیەک پڕۆژە یاسا لەناویاندا، ھەمواری یاسای خوێندنی ناحکومی و پڕۆژە یاسای فرۆکەوانی مەدەنی.
رۆژی ١٧ی ئەم مانگە تاوتوێکردنی پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی خاوەندارێتی زەوی لەناوچە جێناکۆکەکان بۆ خاوەنەکانیان لە کارنامەی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران لابرا، بەو ھۆیەشەوە بەشێک لە پەرلەمانتارانی کورد بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد.
بەپێی پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی خاوەندارێتی زەوی لەناوچە جێناکۆکەکان بۆ خاوەنەکانیان، هەشت بڕیاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی رژێمی بەعسی پێشوو ھەڵدەوەشێنرێنەوە کە لە نێوان ساڵانی ١٩٧٥ بۆ ١٩٧٩ دەرکراون بۆ دەستبەسەرداگرتنی زەوی جوتیاران لە سنوری کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان.