جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا جەخت لە دورخستنەوەی مەترسی ھەڵگیرسانی شەڕێکی گشتگیر لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەکاتەوە.
بایدن ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە مەترسی ناکۆکی ھەرێمایەتی و شەڕێکی گشتگیر گشتگیر لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دوربخرێتەوە.
وتیشی لەگەڵ بنیامین ناتەنیاھۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەو بارەیەوە گفتوگۆ دەکات، بەبێ ئەوەی وادەکەی دیاری بکات.
لای خۆیەوە، پاتریک رایدەر سکرتێری رۆژنامەوانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا چاودێری دۆخی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەکات و سەرنجی لەسەر پاراستنی ئەمریکیەکان و سوپا و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا.
وتیشی، ئۆستن جەختی لەوەکردوەتەوە کە پابەندن بەوەی ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات دژی ئێران و گروپە چەکدارەکانی نزیکی.
دەشڵێت، ئەگەر ئێران و بریکارەکانی دۆخی ئێستا بقۆزنەوە بۆ بە ئامانجگرتنی سەرباز و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ئەمریکا ھەموو رێوشوێنەکانی پێویست دەگرێتە بەر بۆ روبەڕوبوونەوەی.
پاتریک رایدەر باسی لەوەشکردووە، ئەمریکا توانای بەرگری لە ناوچەکە بەھێز دەکات و ئاستی ئامادەیی ھێزەکانی بەرزکردووەتەوە بۆ روبەڕوبوونەوەی ھەر دۆخێکی لەناکاو، کەشتی فرۆکە ھەڵگریشی رەوانەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کردووە.