مقاوەمەی ئیسلامی لە عیراق بۆردومانکردنی ناوچەیەکی لە ئیسرائیل راگەیاند.
بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عیراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاری و بۆ پشتیوانی لە فەلەستین و لوبنان، لە وەڵامی ھێرشەکانی ئیسرائیل، رۆژی یەکشەممە ھێرشیان کردوەتە سەر ئامانجێکی گرنگ لە ناوچەی ئیلاتی باشوری ئیسرائیل.
راشیگەیاندوە، ھێرشەکە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامدراوە، ئۆپراسیۆنەکانیش بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوام دەبن.
لەدوای کوژرانی حەسەن نەسروڵا لەلایەن ئیسرائیلەوە، مقاوەمەی ئیسلامی لە عیراق ھێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکردووەتەوە و بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان چەند ھێرشێکی کردووەتە سەر ناوچەی ئیلاتی باشوری ئیسرائیل.