ئیسرائیل: پنتاگۆن ئامادەکاریی دەکات لە دژی کاردانەوەی سەربازی ئێران

2024-09-29   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بەرپرسێکی ئیسرائیل داوا لە وەزیری بەرگریی ئەمریکا دەکات رێگریی لە ئێران بکات لە ئەگەری ھەر کاردانەوە و ھێرشێکی سەربازیدا کە دژی کوشتنی حەسەن نەسڕوڵڵا ئەنجامی بدات.

پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی، بڵاوی کردوەتەوە کە یوئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل داوای لە لۆید ئۆستن ، وەزیری بەرگری ئەمریکا کردوە پنتاگۆن وەک ھاوپەیمانی تەلئەبیب ئامادەکاریی بکات بۆ کاردانەوە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئەگەری ھەر ھێرشێکدا بۆسەر ئیسرائیل.

گەڵانت وتویەتی؛ ئەمەریکا وەڵامی ئەرێنیی بۆ داواکاریی ئیسرائیل ھەبوە و دور نییە ئێران بەھۆی ئەوەی جگە لە حەسەن نەسروڵڵا-ی ئەمینداری حیزبوڵڵا یەکێک لە جەنەڕاڵەکانی لە ھێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراوە، کاردانەوەی ھەبێت بۆیە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکای لێ ئاگادار کراوەتەوە.

ھاوکات جۆن کێربی، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی ئەمریکا رایگەیاند؛ دوای کوشتنی حەسەن نەسروڵا، بە وردی چاودێریی ھەمو جموجۆڵ و تەنانەت لێدانی بەرپرسەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات.