ئەمریکا ھێزەکانی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەخاتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە

2024-09-29   |  
فۆتۆ: 
ئاکام
ئەمریکا ھێزەکانی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەخاتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و ھۆشداری توند دەداتە ئێران و بریکارەکانی.

پاتریک رایدەر سکرتێری رۆژنامەوانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا چاودێری دۆخی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەکات و سەرنجی لەسەر پاراستنی ئەمریکیەکان و سوپا و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا. 

وتیشی، ئۆستن جەختی لەوەکردوەتەوە کە پابەندن بەوەی ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات دژی ئێران و گروپە چەکدارەکانی نزیکی. 

دەشڵێت، ئەگەر ئێران و بریکارەکانی دۆخی ئێستا بقۆزنەوە بۆ بە ئامانجگرتنی سەرباز و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ئەمریکا ھەموو رێوشوێنەکانی پێویست دەگرێتە بەر بۆ روبەڕوبوونەوەی.

پاتریک رایدەر باسی لەوەشکردووە، ئەمریکا توانای بەرگری لە ناوچەکە بەھێز دەکات و ئاستی ئامادەیی ھێزەکانی بەرزکردووەتەوە بۆ روبەڕوبوونەوەی ھەر دۆخێکی لەناکاو، کەشتی فرۆکە ھەڵگریشی رەوانەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کردووە.