سانا: دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە دەوروبەری دیمەشق بیستراوە و کوژراو و بریندار ھەیە

2024-09-29   |  
فۆتۆ: 
هەژار
دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە دەوروبەری دیمەشق بیستراوە و بەپێی زانیارییەکانیش چەند کەسێک کوژراون و برینداربوون.

ئاژانسی سانای رەسمی سوریا بڵاویکردووەتەوە، لە چەند ناوچەیەکی دەوروبەری دیمەشقی پایتەخت دەنگی زنجیرەیەک تەقینەوە بیستراوە و ھێزە ئەمنییەکانیش گەیشتوونەتە شوێنی تەقینەوەکان و لێکۆڵینەوە دەستپێکردووە کە پێشبینی دەکرێت بۆردومانی ئیسرائیل بووبێت لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجام درابێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی لێکۆڵینەوە و زانیارییە سەرەتاییەکان لەو تەقینەوانەدا چەند کەسێک کوژراون و برینداربوون، بەڵام تائێستا لایەنە رەسمییەکانی حکومەتی سوریا و ھێزە ئەمنییەکان تەواوی زانیارییەکانی تایبەت بەزیانەکانی ئەو تەقینەوانە ئاشکرا نەکراون.

روانگەی سوریاش بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەووتەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل پێگەیەکیان لە نزیک ھێزەکانی سوریا لەناوچەی وادی حەنا لەسەر سنوری نێوان سوریا و لوبنان بۆردومانکردووەو تائێستا زیانەکانی نەزانراوە.