وەزارەتی پەروەردەی عیراق رێنمایی بەپەلەی بۆ وەرگرتنی خوێندکارانی لوبنان دەکرد بۆ ئەوەی لە خوێندن لە عیراق بەردەوام بن و ئەمساڵیان نەفەوتێت.
وەزارەتی پەروەردەی عیراق نوسراوێکی ئاڕاستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیەکانی پەروەردە کردووە و تیایدا ھاتووە، سەرجەم خوێندکارە ئاوارەکانی لوبنان لە سەرجەم خوێندنگەکانی عیراق وەردەگیرێن بە مەرجێک بەڵگەنامەیەکی وەکو پاسپۆرت یان ناسنامەی باری شارستانی یاخود ھەر بەڵگەنامەیەکی تریان پێ بێت.
دەشڵێت، دوای وەرگیرانیان پەڕاوی تایبەتیان بۆ دەکرێتەوە بۆ ئەوەی دەست بە دەوامی خۆیان بکەن و ئەو خوێندکارانەشی لە قۆناغەکانی کۆتاییدان وەکو شەشی سەرەتایی و سێی ناوەندی و شەشی ئامادەیین لە کاتی دەرچونیان بەڵگەنامەی تەواوکردنی خوێندیان بۆ دەکرێت.
بڕیارەکە لەسەر فەرمانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق بۆ پاڵپشتیکردنی خوێندکارانی لوبنان دەرکراوە.
سودانی باڵیۆزخانەی لوبنانی لە بەغداد راسپاردووە بەڵگەنامەی گەشتی خێرا ببەخشێت بەو ھاووڵاتییە لوبنانیانەی کە پاسپۆرتیان نییە.