سەرۆک کۆمار: بەرپرسیارێتی بەرەنگاربونەوەی ماددەی ھۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان کارێکی ھاوبەشە

2024-09-29   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز


د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق دووپاتیدەکاتەوە، بەرپرسیارێتی بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان کارێکی ھاوبەشە و پێویستی بە ھاوئاھەنگی و کاری پێکەوەیی ھەیە.
سەرۆک کۆمار لە وتەکەیدا، کە ئەمڕۆ یەکشەممە لەلایەن د.کامل کەریم دولەیمی نوێنەری سەرۆک کۆمار و سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی کۆمارەوە لە میانی کارەکانی یەکەمین کۆنفرانسی نیشتمانی تایبەت بە پڕۆژەی نیشتمانی بۆ رێنمایی خۆپارێزی لە بەرامبەر مەترسی ماددە ھۆشبەرەکان پێشکەشکرا و لە زانکۆی ئەلنەھرەین لە بەغداد بەڕێوەچوو، ئاماژەیکرد بە گرنگی پەسندکردنی ستراتیژییەکی نیشتمانی ڕوون و گشتگیر کە خۆپاراستن و چارەسەرکردن و چاکسازی لەخۆبگرێت، لەگەڵ ئەوەی پێویستە رۆڵی یاسا بەھێز بکرێت لە سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی ئەم دیاردە مەترسیدارە.
دەقی وتەکەی سەرۆک کۆمار:

بە ناوی خودای گەورە و میھرەبان
بەڕێزان،
خوشکان و برایان، ئامادەبوان
سڵاوی خودای گەورەتان لێبێت
خۆشحاڵین نوێنەرایەتی سەرۆک کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید دەکەین لەم کۆنفرانسەدا.

شانازی دەکەین کە سڵاوی بەڕێز سەرۆک کۆمار بگەیەنین و ھیوای سەرکەوتن بخوازین بۆ کارەکانی یەکەمین کۆنفرانسی تایبەت بە پڕۆژەی نیشتمانی بۆ رێنمایی خۆپارێزی لە دژی مەترسی ماددە ھۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان.  

سازدانی ئەم کۆنفرانسە رەنگدانەوەی پەرۆشیی ھەموو لایەکە بۆ روبەڕوبونەوەی مەترسییەکی گەورە، کە مەترسی لەسەر ئێستا و داھاتووی نەوەکانمان دروستدەکات و ھەڕەشە لە ئاسایش و سەلامەتی کۆمەڵگەکەمان دەکات، ھاوکات جەختدەکەینەوە لەسەر گرنگی کاری ھاوبەش و پێویستی ھاوئاھەنگی ھەموو ئۆرگان و دامەزراوە رەسمی و کۆمەڵایەتییەکان بۆ کۆتاییھێنان بەم بەڵایە، کە جیاوازی لە نێوان توێژەکانی کۆمەڵ ناکات، بەڵکو گەنجان دەکوژێت و ئێستاو و داھاتوویان لەناودەبات.  

ئامادەبوانی بەڕێز..

ئێمە ئەو ھەوڵە دڵسۆزانە بەرزدەنرخێنین، کە لایەنە پەیوەندیدارەکان و پسپۆڕان و بەشداربووانی ئەم پڕۆژەیە پێشکەشیان کردوە، ھەروەھا داوای چڕکردنەوەی کاری خۆپارێزی و ھۆشیاری دەکەین سەبارەت بە مەترسی ئەم بەڵا کوشندەیە و گرنگیدان بە بنیاتنانی ھۆشیاری لەنێو خەڵک بە گشتی و گەنجان بەتایبەتی، ھەروەھا پێویستی پێشکەشکردنی پشتیوانی دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ قوربانیانی ئەم نەخۆشییە مەترسیدارە.  

ھەروەھا دوپاتیدەکەینەوە، کە بەرپرسیارێتی بەرەنگاربونەوەی ماددە ھۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان، بەرپرسیارێتییەکی ھاوبەشە کە پێویستی بە ھاوئاھەنەگی و کاری پێکەوەیی ھەیە و ھەمووان رۆڵی تێدا بگێڕن، ھەر لە دامەزراوەکانی دەوڵەت تا کۆمەڵگەی مەدەنی و ھەموو تاکێکیش، ھاوکات  داوای پەسندکردنی ستراتیژییەکی نیشتمانیی ڕوون و ھەمەلایەنە دەکەین، کە خۆپاراستن و چارەسەرکردن و چاکسازی لەخۆبگرێت، لەگەڵ پێویستی بەھێزکردنی رۆڵی یاسا لە سنوردارکردنی بڵاوبونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان، کە دیاردەیەکی مەترسیدارە.

خوشکان و برایان، ھەموولایەک ئەو راستیە دەزانن، کە بەرپرسیارێتی خۆپاراستن لە ماددە ھۆشبەرەکان پێویستی بە یەکڕیزییە و بەرپرسیارێتییەکی ھاوبەشە، کە سەرەتا لە خێزانەوە دەستپێدەکات و پێویستە دایک و باوک کەشێکی کۆمەڵایەتی تەندروست و لەبار دروستبکەن، کە گەنجان بپارێزێت، رەفتاری باشیان فێربکات و پەروەردەیان بکات، ئەو ھۆشیارییەش دەیانپارێزێت لە مەترسییەکانی ترازان بەرەو ماددەی ھۆشبەر و ئالودەبون، پاشان رۆڵی قوتابخانە و زانکۆ و پەرستگاکان و ھەموو شوێنە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە گرنگن، جگەلەوەی میدیا لەگەڵ ئامراز و کەناڵە جۆراوجۆرەکانی تر رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لەوبارەیەوە، ھەروەھا دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەرکردە و کەسایەتییە دیارەکانی کۆمەڵگە و تا ھاووڵاتی ئاسایی رۆڵیان ھەیە لەوبارەیەوە،  بەڵام گەورەترین رۆڵ دەکەوێتەئەستۆی ئۆرگانە رەسمی  و حکومییەکان و ھێزە ئەمنیی و ھەواڵگرییەکان، کە ھەوڵی بێ وچان دەدەن بۆئەوەی باندی ماددە ھۆشبەرەکان و ئەوانەی بازرگانییان پێوە دەکەن، بدۆزنەوە تا بەگوێرەی یاسا و دادگا، سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەربگرن.
بەر لەکۆتایی...

دوپاتیدەکەینەوە، کە ھەموولایەک بەرپرسن لە نەھێشتنی ئەم دیاردەیە و وشککردنی سەرچاوەکانی، ھەر دەزگایەکی حکومی ھەرچەند بەھێزبێت، ناتوانێت روبەڕوی ئەم مەترسییە ببێتەوە، ئەگەر ھاریکاریی توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگە نەبێت، تا دەگاتە ئاسایشی تەواو و سەقامگیریی کۆمەڵایەتی. 

لەکۆتاییدا ھیوای سەرکەوتن بۆ ھەموولایەک دەخوازم لە کارەکانی ئەم کۆنفرانسەدا، بۆ دەرکردنی راسپاردەی کاریگەر، کە بەشداربێت لە پاراستنی کۆمەڵگە لەم مەترسییە و گەیشتن بە ئاسایش و سەلامەتی بۆ رۆڵەکانی نیشتمانی ئازیزمان.  

دوبارە سەلامی خودای گەورەتان لێبێت".