لە دوای کوژرانی حەسەن نەسروڵا، رێکارەکان بۆ پاراستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عیراق چڕ کراونەتەوە.
ئەفسەرێک لە فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی بەغداد کە ناوەکەی ئاشکرا نەکردووە رایگەیاند، لەسەر ئاستی باڵا فەرمانیان پێکراوە ناوچەی سەوز و باڵیۆزخانەی ئەمریکا بپارێزن و رێگری لە چوونی خۆپیشاندەران بکەن، بۆیە ھێزێکی ئەمنی زۆر لە ناوچەی سەوز و باڵیۆزخانەکە بڵاوکراوەتەوە و تا کاتێکی نادیار بەردەوام دەبێت.
روونیشی کردەوە، پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان بەرپرسیارێتی عیراقە و داواشیان لێکراوە پێکدادان لەگەڵ خۆپیشاندەران روونەدات.
ئەوەش لەکاتێکدایە دوێنێ لەگەڵ پشتراستکردنەوەی کوژرانی حەسەن نەسروڵا، خۆپیشاندان لە بەغداد رێکخرا و خۆپیشاندەران ھەوڵیاندا بچنە باڵیۆزخانەی ئەمریکاوە، بە تایبەت کە ئەمریکایان تۆمەتبار دەکرد بەوەی لەگەڵ ئیسرائیل لەسەر کوشتنی حەسەن نەسروڵا رێککەوتووە.