ئیسرائیل چەند ئامانجێکی دیکەی حزبوڵای پێکا

2کاتژمێر پێش ئێستا   |  
فۆتۆ: 
لاڤە
بۆ شەشەم رۆژ، بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان بەردەوامە و چەند ئامانجێکی دیکەی حزبوڵایان بۆردومان کرد.

سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانیان دەیان ئامانجیان لە چەند سەعاتی رابردودا لە خاکی لوبنان بۆردوومان کردووە.

ئاژانسی نیشتمانی ھەواڵی لوبنانیش بڵاویکردەوە، لە سەعات پێنجی بەیانی ئەمڕۆوە ئیسرائیل شاری بەعلبەک و گوند و قەزاکانی ناوچەکەی بە چڕی بۆردومان دەکات، کە بۆردومانەکان چەندین کۆگا و کێڵگە و شوێنی نیشتەجێبوونی ھاووڵاتیانی گرتووەتەوە. 

ھاوکات بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل شارۆچکەکانی "شەعت، سەرعین، عەین سەودا، یونین، تاریا، بودای" و چەندین گوندی لە بەقاع گرتووەتەوە. 

بە درێژایی شەوی رابردووش، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئیسرائیل ئاسمانی لوبنانیان بەجێنەھێشتووە. 

بەپێی وەزارەتی تەندروستی لوبنانیش، لە بۆردوومانە چڕەکانی رۆژی شەممەی ئیسرائیل، ٣٣ کەس کوژران و ١٩٥ی دیکەش برینداربوون.