ئێران ھاوردەی زێڕ بۆ شەش ھێندە زیاد دەکات و بەشێکی ئەو زێڕەش لە دەروازەکانی باشماخ و حاجی ئۆمەران لە ھەرێمی کوردستانەوە بۆ ئەو وڵاتەوە دەگوازرێتەوە.
گومرگی ئێران بڵاویکردەوە، لە شەش مانگدا ئاستی ھاوردەی زێڕ لەسنورە رەسمییەکانەوە گەیشتووەتەوە ٤٢ تۆن و ٨٠٠ کیلۆ زێڕ کە بەھاکەی دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلارە کە بەراورد بە پێشتر شەش ھێندە زیادیکردووە.
بە وتەی محەمەد رزوانی فەر بەڕێوبەری گومرگی ئێران زۆرینەی ئەو زێڕە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی "ئیمام خومەینی" وڵاتەکە و بەشێکیشی لە دەروازەکانی باشماخ و حاجی ھۆمەران لە ھەرێمی کوردستانەوە بۆ ئێران گوازراوەتەوە.
پەنابردنی ئێران بۆ زیادکردنی ھاوردەی زێڕ پەیوەندی بەو گەمارۆ ئابورییانەوە ھەیە کە لەڕووی نێودەوڵەتی و بەھۆی پرسی ئەتۆمییەوە روبەڕوی بووەتەوە کە ئەو وڵاتە ناتوانێت لە رێگەی یاساییەوە مامەڵەکانی بە دۆلار بکات.