د.لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عیراق ئیدانەی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان دەکات و دەڵێت، لێکەوتەی خراپی لەسەر ناوچەکە دەبێت.
د.لەتیف رەشید لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئیدانەی ئەو توندوتیژییانە دەکەن کە گەلی لوبنان روبەڕوی دەبێتەوە و کوژران و برینداربوونی سەدانی کەسی لێکەوتووەتەوە، ئەو ئاڵۆزییانەش ھۆشدارییەکە بۆ لێکەوتەی مەترسیدار لەسەر تەواوی ناوچەکە.
جەختیشیکردەوە لەوەی عیراق لەپاڵ فەڵەستین و لوبنان دەوەستێت و دەبێت بە خێراترین کات دوژمنکارییەکان بوەستێت و داواشی لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی کرد بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقی ھەڵبگرێت لە راگرتنی جەنگ لەسەرگەلی فەڵەستین لە کەرتی غەززە و تەواوی خاکی فەڵەستین.
سەرۆککۆماری عیراق داواشیکرد ھەڵوێستێکی نێودەوڵەتی ھەبێت، چونکە ناوچەکە بەرەو سیناریۆی مەترسیدار پەلکێش دەکات کە خزمەت بە ھیچ لایەنێک ناکات، جەختیشیکردەوە لە گرنگی ھاوکاریکردنی زیانلێکەوتووان.