سەرۆککۆمار پێشوازی لە باڵیۆزی ئازەربایجان کرد

2024-09-24   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
د.لەتیف ڕەشید سەرۆککۆماری عیراق پێشوازیکرد لە نەسیر مەمەدۆڤ، باڵیۆزی ئازەربایجان لەعێراق.


لەدیدارێکدا پەیوەندیی دۆستانە و ھاریکارییەکانی نێوان عێراق و ئازەربایجان و چۆنیەتی پەرەپێدانیان لەبوارە جۆراوجۆرەکاندا  تاوتوێکرا، و سەرۆک کۆمار دوپاتی لەپێویستی باشترکردنی سروشتی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و فراوانکردنی ئاسۆی ھاریکاری کردەوە لەپێناو بەدیھێنانی بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان، لەگەڵ کاردانەوەی ئەرێنی لەکەرتەکانی ئابووری و گەشتیاری و وەبەرھێنان لەھەردوو وڵاتدا و ئاماژەشی بەگرنگی ھاوکاری لەئاستی ژینگەدا کرد لەبوارەکانی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوھەوا و بەبیابانبوون و کەمی ئاو و ھاوکاریکردن لەبوارەکانی ئاسایش و فێرکردن لەڕێگەی ئاڵوگۆڕی ئەزموون و سکۆلەرشیپەوە.

ھەروەھا سەرۆککۆمار ھیوای سەرکەوتنی بۆ ئازەربایجان خواست لەبەڕێوەبردنی کۆنفرانسی کەشوھەوای نەتەوە یەکگرتووەکان (COP٢٩)، بەو ھیوایەی کە کۆنفرانسەکە ئەنجام و پێشنیارەکانی بە شێوەیەکی زانستی و پراکتیکی جێبەجێ بکرێن، سوود بە ژینگە و مرۆڤایەتی بگەیەنێت بە گشتی.

لەلای خۆیەوە باڵیۆز مەمەدۆڤ، کارنامە و دانیشتنەکانی کۆنفرانسی COP٢٩ ی بە سەرۆککۆمار گەیاند وخواستی وڵاتەکەی بۆ بەشداریکردنی عێراق لە کۆنفرانسەکەدا دەربڕی بەشێوەیەک کەھاوکاری و ھەماھەنگی نێوان ھەردوو وڵات لە بارەی پرسە جۆراوجۆرەکانی جیھان بەھێزتر بکات.