بەیانی ئەمڕۆ، مقاوەمەی ئیسلامی عیراقی چەند ئامانجێکی ئیسرائیلی لە بەرزاییەکانی جۆلان بۆردومانکرد، گروپە چەکدارەکانی عیراقیش ھەڵوێستی خۆیان بۆ وەڵامدانەوەی دوژمنکارییەکانی ئیسرائیل لە لوبنان یەکدەخەن.
مقاوەمەی ئیسلامی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان چەند ئامانجێکی ئیسرائیلیان لە بەرزاییەکانی جۆلان بۆردومانکردووە، بەڵام زیانەکانی بۆردومانەکەیان ئاشکرانەکردووە.
ھاوکات ئەکرەم کەعبی سەرۆکی بزووتنەوەی نوجەبا رایگەیاندووە، مقاوەمەی ئیسلامی بەردەوام دەبێت لە ھێرشەکانی بۆ سەرخستنی فەڵەستین و پشتیوانی مقاوەمە لە غەززە.
سەرچاوەیەکی عیراقیش بە عەرەبی جەدیدی راگەیاندووە، سەرکردەی گروپە چەکدارەکانی عیراق کۆبوونەوەیەکیان کردووە بۆ یەکخستنی ھەڵوێستیان سەبارەت بەو دوژمنکارییەی ئیسرائیل لە لوبنان ئەنجامی دەدات و دەیانەوێت رێکارێک دابنێن بۆ وەڵامدانەوەی ئەو داگیرکارییە، کۆبوونەوەکەش سەرکردە و فەرماندە و نوێنەرانی گرووپە چەکدارەکانی لەخۆگرتووە.