لەسەر راسپاردەی محەمەد شیاع سودانی، تیمی پزیشکی و فریاگوزاریی عیراق بەپەلە دەچنە لوبنان بۆ ھاوکاریکردنی بریندارانی زنجیرە تەقینەوەکانی لوبنان.
باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عیراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەدواداچوون بۆ دوایین پێشھاتە ئەمنییەکانی لوبنان و ھێرشە ئەلیکترۆنییەکەی ئیسرائیل دەکەن، کە بەھۆیەوە گیانلەدەستدان و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتی مەدەنی لێکەوتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو روداوە و بەردەوامی ھەڕەشە و دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل و ھەڕەشەی دەستپێکردنی شەڕێکی فراوان بۆ سەر لوبنان، پێویستی بەدەستێوەردانی بەپەلەی نێودەوڵەتی ھەیە، بۆ رێگریکردن لە فراوانبوونی گرژییەکان، ھاوشێوەی غەززە و کەناری رۆژئاوا و باشووری لوبنان.
وتەبێژی حکومەتی عیراق ئاماژەی بەوەشدا، لەسەر راسپاردەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران، تیمی پزیشکی و فریگوزاری عیراق رەوانەی لوبنان دەکرێن بۆ ھاوکاریکردنی برینداربووانی مەدەنی روداوەکە.