ھاریس مەرجی ترەمپ بۆ ئەنجامدانی دیبەیتی نێوانیان قبوڵ دەکات

2024-09-05   |  
فۆتۆ: 
لاڤە
کامالا ھاریس کاندیدی دیموکراتەکان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بە مەرجەکانی دۆناڵد ترەمپی رکابەری بۆ ئەنجامدانی دیبەیتی نێوانیان رازیبوو.

سەرچاوەیەکی ئەمریکی ئاگادار رایگەیاند، ھاریس بە یاسا و مەرجەکانی ترەمپ رازیبووە، بۆ ئەنجامدانی یەکەم دیبەیتی نێوانیان کە لە ١٠ی ئەم مانگە لە پەنسلڤانیا بەڕێوەدەچێت، بە بێدەنگکردنی مایکرۆفۆنەکانیشەوە ئەوکاتەی ھیچ کام لە کاندیدەکان بۆیان نییە قسە بکەن. 

ئەو دیبەیتەی نێوان ترەمپ و ھاریس لە کەناڵی ئەی بی سی نیوز لە سەعات نۆی شەو بەکاتی ئەمریکا لە ناوەندی دەستوری نیشتمانی فیلادلفیا لە ویلایەتی پەنسلڤانیا بەڕێوەدەچێت کە یەکێکە لەو ویلایەتانەی ئەنجامی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا یەکلادەکاتەوە.  

بەپێی راپرسییەکان، لە مانگی تەمموزی رابردووەوە کە جۆ بایدن لە کاندیدبوون کشایەوە، ترەمپ لە ھیچ راپرسییەکدا پێش ھاریس نەکەوتووە. بەپێی نوێترین راپرسی گۆڤاری زە ئیکۆنۆمیست، ھاریس ٤٧%ی دەنگەکانی بەدەستھێناوە و ترەمپ ٤٥%ی بەدەستھێناوە.