باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق و وەزیری دەرەوەی عیراق لە بەغداد کۆبوونەوە

2024-08-31   |  
فۆتۆ: 
ئاکام
مانگی داھاتوو عیراق بەشداری کۆنگرەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دەکات کە لە واشنتۆن ئەنجام دەدرێت.

وەزارەتی دەرەوەی عیراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عیراق پێشوازی لە ئەلینا رۆمانۆسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق کردووە و پێکەوە تاوتوێی دۆخی ناوچەکە و ھەماھەنگی عیراق و ئەمریکایان کردووە. 

لە کۆبونەوەکەدا فوئاد حسێن رایگەیاند، ئۆپراسیۆنێکی سەربازی بە ھەماھەنگی سوپای عیراق و ئەمریکا لە بیابانەکانی ئەنبار ئەنجامدراوە و ١٥ تیرۆرستی داعش کوژراون.

ھەر لەکۆبوونەوەکەدا باس لەوەکراوە، لە سەرەتای مانگی داھاتوودا لە واشنتۆن کۆنگرەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ئەنجام دەدرێت کە ٨٧ وڵات لەخۆی دەگرێت، عیراقیش بەشداری دەکات. 

لە بەشێکی کۆبونەوەکە، ئەوەخراوەتەڕوو ھەر لە مانگی داھاتوودا کۆبونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەدەچێت و دەرفەتێک دەبێت بۆ واشنتۆن و بەغداد کە تاوتوێی پەیوەندیەکانی نێوانیان بکەن.