جەعفەر شێخ مستەفا: بە بیستنی ھەواڵی شەھیدبوونی دوو کارمەندی ئاسایش لە ناوچەی قەرەداغ لە ناخەوە نیگەران بووم

2024-08-09   |  
فۆتۆ: 
مەریوان عەبدوڵا
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پەیامێکی لەبارەی شەھیدبوونی دوو کارمەندی ئاسایش لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکدا لەگەڵ چەند چەکدارێک لە ناوچەی قەرەداغ لە سلێمانی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ھیوادارم ھێزەکانی ئاسایش و لایەنی پەیوەندیدار بە زووترین کات بتوانن تاوانباران دەستگیر بکەن و ڕووبەڕووی یاسایان بکەنەوە.

دەقی پەیامەکە... 

بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ھەواڵی شەھید بوونی دوو کارمەندی ئاسایشم لە ناوچەی قەرەداغی سەر بە پارێزگای سلێمانی بیست، کە لەکاتی بەجێھێنانی ئەرکی خۆیاندا لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکدا لەگەڵ چەند چەکدارێکی نەناسراودا شەھید دەبن، لە ناخەوە نیگەران و خەفەتبار بووم.

بەم بۆنە خەمناکەوە پرسە و سەرەخۆشی و ھاوسۆزی خۆم ئاراستەی خانەوادە بەڕێزەکەیان و بنەماڵە و ھەڤاڵانیان لە ھێزەکانی ئاسایش دەکەم، داواکارم لە یەزدانی مەزن بە میھرەبانی و بەزەیی خۆی گیانی شەھیدان بە بەھەشتی بەرین شاد بکات و ئارامیی و دڵنەوایش بە ھەموو لایەک ببەخشێ.

ھیوادارم ھێزەکانی ئاسایش و لایەنی پەیوەندیدار بە زووترین کات بتوانن تاوانباران دەستگیر بکەن و ڕووبەڕووی یاسایان بکەنەوە، بۆ ئەوەی جارێکی تر ڕووداوی لەم شێوەیەدا دووبارە نەبێتەوە.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان