سۆران عومەر: ھەرێم سندوقی خانەنشینی نییە و عێراقیش داوای پارەی سندوقەکە لە ھەرێم دەکات

2024-07-23   |  
فۆتۆ: 
هادی
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت، حکومەتی ھەرێم ٧٪ی مووچەی فەرمانبەرانی بڕیوە بۆ سندوقی خانەنشینی، بەڵام تائێستا سندوقەکە بوونی نییە و عێراقیش داوای پارەی سندوقەکە دەکات.

سۆران عومەر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، حکومەتی ھەرێم ٣٢ ساڵە مانگانە لە ٧٪ی لە مووچەی فەرمانبەران بڕیووە بۆ سندوقی خانەنشینی، بەڵام تائێستا سندوقی نەبووە و نازانرێت ئەو پارەی چی لێکراوە.

ڕاشیگەیاند، کاتێک بەبڕیاری دادگای فیدراڵی مووچەی خانەنشینی ھەرێم ھاوتای عێراق دەکرێت لە سندوقی خانەنشینی عێراق مووچەی خانەنشینی مەدەنی و سەربازی دەدرێت، بەڵام پێویستە ھەرێم پارەی لێبڕینی چەندین ساڵی ڕابردووی فەرمانبەران ڕادەستی سندوقی خانەنشینی عێراق بکات، جگە لەوەش وردبینی لە دۆسێی خانەنشینان دەکرێت بەتایبەت سەربازی کە پڕە لە ناشایستە و نایاسایی.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لەسەرەتای ئەمساڵەوە کە مووچە لە عێراقەوە رەوانەکراوە، ئەو لێبڕینەی خانەنشینی عێراق لە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی بڕیوە و داخڵی سندوقی خانەنشینی کردووە، مووچەی خانەنشینی لەسەرەتای مانگ لە سندوقی خانەنشینی دەدات نەک لە بوجەی گشتی، ھاوکات ئەو سندوقەی عێراق ترلیۆنان دیناری تێدایە و وەبەرھێنانی پێدەکرێت.

بە پێی یاسای ژمارە ٩ی ٢٠١٤ی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو، مانگانە ٢٥٪ی مووچەی فەرمانبەران دەخرێتە سندوقی خانەنشینی، ئەوەش١٠٪ی لە موچەی فەرمانبەران دەبڕدرێت و ١٥٪ی پارەی سندوقەکە حکومەت دابینیدەکات.