ڕۆژنامەیەکی تورکی: تورکیا ھێزی سەربازی زیاتر ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان دەکات

2024-07-23   |  
فۆتۆ: 
یەحیا
ڕۆژنامەیەکی تورکی بڵاویکردەوە، سوپای تورکیا ھێزی سەربازی زیاتر ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان دەکات و بەنیازە بنکەیەکی ھەمیشەییش لە چیای گارە بکاتەوە.

ڕۆژنامەی تورکیا تودەی بڵاویکردەوە، ئەنقەرە ھێزی سەربازی زیاتری ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا پێشتر نیازی خۆی بۆ ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە ھەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاندبوو.

ڕۆژنامەکە دەڵێت، سوپای تورکیا چەند ڕۆژێکە بەبەردەوامی ھێزی سەربازی زیاتری ھێناوەتە ناو خاکی ھەرێم بەتایبەت لە ناوچەی خواکورک، لەگەڵ ئەوەشدا سوپای ئەو وڵاتە بنکەی سەربازی و خاڵی پشکنینی زیاتری داناوە.

ھەروەھا چەند سەرچاوەیەکی سەربازی سوپای تورکیاش، بوونی پلانی کۆنترۆڵکردنی چیای گارە و دامەزراندنی بنکەیەکی سەربازی ھەمیشەیی بە ئامانجی سنوردارکردنی جموجۆڵەکانی پەکەکە پشتڕاستکردووەتەوە.